
راشکاو
مانگێک دەبێت لە گەرمیان بڕی بارانی پێویست بۆ دانەوێلە نەباریوە، گوتەبێژی کشتوکاڵی سنوورەکە دەڵێت، بەهۆی کەمبارانییەوە جووتیاران ترسی وشکەساڵییان هەیە.
ئەم ساڵ زۆرترین باران لە گەرمیان لە رۆژێکدا باریوە و بڕی بارانەکە دابەشی چەند رۆژێک نەبووە. گوتەبێژی کشتوکاڵ دەڵێت: "دەغڵودان بارانی زۆر پێویستە، جووتیاران ترسی وشکەساڵییان لێ نیشتووە، بەڵام بۆ ئێمە زووە بڵێین مەترسیی جیدی لەسەر دانەوێڵە هەیە".
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-01-2025، رایگەیاند: "ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ 124.9 ملیمەتر باران باریوە و زیاترە لە بڕی بارانی ساڵی رابردوو کە تاوەکو هەمان رێککەوت 83.9 ملیمەتر باریبوو، بەڵام کاتەکانی بارین ئەم ساڵ باش نەبووە".
ئەم ساڵ زۆرترین باران لە گەرمیان لە رۆژێکدا باریوە و بڕی بارانەکە دابەشی چەند رۆژێک نەبووە. گوتەبێژی کشتوکاڵ دەڵێت: "دەغڵودان بارانی زۆر پێویستە، جووتیاران ترسی وشکەساڵییان لێ نیشتووە، بەڵام بۆ ئێمە زووە بڵێین مەترسیی جیدی لەسەر دانەوێڵە هەیە".
ستار عەلی دەڵێت، هێشتا کاتی باران ماوە و وەرزی زستان و بەهاریش وەرزی بارانە و ئەوان تاوەکو ئەو کاتە ناتوانن بەرچاوڕوونییان لەسەر وشکەساڵی هەبێت.
ستار عەلی وتیشی، ملیۆنێک و 110 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە سنووری گەرمیان هەن و ساڵانە زۆرینەیان دەکرێنە گەنم. گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "90%ـی زەویی سنوورەکەمان دێمییە و پشت بە باران دەبەستێت، بۆیە ئەگەر باران نەبارێت و وشکەساڵی هەبێت زیانی زۆر بە جووتیاران دەگات".
لەبارەی شارەکانی دیکەوە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە دیمانەیەکدا کە تیمی راشکاو بینەری بوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت : "هەڵەبجە مەترسیی وشکەساڵی بە تەواوی تێپەڕاندووە. لە سلێمانیش دۆخەکە باشە، بەڵام لە بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی کەمتر لە ساڵی رابردوو باریوە و بەوشێوەیە کەمبارانی بەردەوام بێت مەترسی وشکەساڵی لەو ناوچانە دەبێت".
No tags available for this news.