
راشکاو
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ 25 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ھونەرمەندی گەورەی كورد محەممەدی ماملێ تێدەپەڕێت، ماملێ لە ساڵی 1925 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و لە 23ـی یەکی ساڵی 1999 لە مەهاباد کۆچی دواییکرد و نێژرا، ماملێ خاوەنی زیاتر لە 700 گۆرانییە.
ماملێ، ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە، لە ساڵی 1925 زاینی لە گەڕەکی خڕێ-ی شاری مهاباد-ی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگای پەهلەوی و سەعادەت لە مهاباد تەواوکردووە و لە 23ی کانوونی دووەمی 1999 بەهۆی نەخۆشی لە مهاباد کۆچی دوایی کرد.
نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسیکردووە، باوکی نەخوێندەواربووە و کاتێک سەرژمێری گشتی هاتووە بۆ نووسینی لێی پرسیووە، ناوی خۆت و باوکت چییە؟ ئەویش گوتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملێ، چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناهێنن ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە هەر دەڵێن ماملێ.
بنەماڵەی ماملێ دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان هەیە، هەر ئەم بۆمانەوەشە هانی ماملێ-ی داوە لە منداڵییەوە هونەر بکاتە هاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی هونەری کوردیی.
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی ماملێ کە رۆژی سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025 بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە: "خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی رێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی 16 ساڵه لەلایەن ناوەندی ماملێیەوە چالاکە و هەموو ساڵێک پێشکێش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا شوێندانەر و کارتێکەر بوون و گەشەیان پێ بەخشیوە".
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: "لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی ناوەندی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیار درا خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بۆ 2025 پێشکێش بە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی بکرێت".
No tags available for this news.