
راشکاو
ژووری هەواڵ
فەرشاد گردەکانە، لە کێبڕکێکانی یاریی (جیو جیتسوو)دا کە بەناوی (یورۆپیەن جیو جیتسوو) بەڕێوەدەچن، لە کێشی 94 کیلۆیی بووە پاڵەوان. کاتێک لەسەر ستەیجی یەکەمبوون راوەستا، ئاڵایەکی گەورەی کوردستانی دەرهێنا و رایوەشاند.
فەرشاد گردەکانە، پاڵەوانی ئەورووپا بۆ یاریی جیو جیتسوو رایگەیاند، ئەم پاڵەوانێتییە لە ئاستی جیهاندا زۆر گرنگە و ساڵی یەک جار بەڕێوەدەچێت.
فەرشاد روونیکردەوە، هەرچەندە پاڵەوانێتییەکە لە ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەموو پاڵەوانەکانی جیهان بەشداریی تێدا دەکەن، ئاستەکەی زۆر بەرزە و هەر کەسێک پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، دەبێتە پاڵەوانی جیهان، "کاتێک پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، بڕیارم دا ئاڵای کوردستان لەم گۆڕەپانەدا بەرز بکەمەوە و ناوی کوردستان بەرز رابگرم، هەر وام کرد و نازناوەکە و سەرکەوتنەکەشم پێشکێش بە کوردستان کرد."
فەرشاد گردەکانە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە یاریی کۆتایی زۆر سەخت بوو، بەڵام بیری لەوە دەکردەوە کە ئەگەر ببێتە پاڵەوان، ئەوە بۆ کوردستانە، بۆیە هەموو هێز و توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە بەدەست بهێنێت، "یاریزانی بەرامبەرم یەکێک بوو لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام بە یارمەتیی خودا توانیم ئەم دەستکەوتە بۆ کوردستان تۆمار بکەم."
ئەو یاریزانە کوردە گوتیشی، "راستە من لە بەلجیکا دەژیم و دەمتوانی ئاڵای بەلجیکا بەرز بکەمەوە، بەڵام گرنگە جیهان بزانێت ئێمە کوردین. دڵ و مێشکمان هەر لای کوردستانە و بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵ دەدەم ناوی کوردستان بەرز رابگرم. ئێمە وەکو وەرزشوانێکی تاک کێبەرکێ دەکەین، ئێستا یەکەم کوردین لەم ئاستەدا سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە و رێگەخۆشکەر دەبین بۆ وەرزشوانانی دیکەی کورد."
No tags available for this news.