
راشکاو
ژووری هەواڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەبێ راوێژکردن لەگەڵیان دا، پێشنیازێک لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی،
تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە. دەشڵێت، "ئەم هەوڵانە کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
حکومەت رایگەیاندووە، "دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا".
لەبارەی ئەو پێشنیازەی بۆ پەرلەمان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
"ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات"، حکومەت وا دەڵێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێنیازەکە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری رێککەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە".
No tags available for this news.